ئاسمانی تورکیا بەرووی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێتەوە

پێشبینی دەکرێت پێشهاتنی سەری ساڵ واتە پێش دەستپیکردنی ساڵی نوێی زاینی ٢٠١٩ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستپێبکرێتەوەو ئاسمانی تورکیاش بەڕووی فڕۆکەکانی لە سلێمانیەوە دەفڕن و دەچن بۆ سلێمانی بکرێتەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە سپی میدیای راگەیاند" دوای ئەو پەرەسەندنانەی لەنێوان تورکیا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە رووە پۆزەتیڤەکەیدا روویداوە، پێشبینی دەکرێت پێش هاتنی ساڵی نوێ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی بکرێنەوە".

ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیا دوای ئەوە دێت کە ماوەیەکە لەسەر ئاستی جیاجیا پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دەسەلآتدارە لە ناوچەکانی سلێمانی بەرەوپێش دەچن.

ئەو پەرەسەندنانەی پەیوەندیەکانی تورکیا و یەکێتی لە سەردانەکی چاوش ئۆغۆلو وەزیری دەرەوەی تورکیا دێت کە ١١ تشرینی یەکەم سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرهەم ساڵح کردو لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگیش ئامادەی بوون. هەروەها باڵوێزی تورکیا و سەرقونسڵی تورکیا لەهەرێم لەم ماوەیەی رابردوودا چەندان سەردانی هەولێر و سلێمانیان کردووەو لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆبوونەتەوە.

لەهەفتەی رابردووشدا هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکانی سلێمانی هشت بارەگا و ئۆفیسی تەڤەگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانیان داخست کە بەرێکخراوێکی نزیک پەکەکە لە رووی فیکری و سیاسیەوە ناسراوە، ئەم هەنگاوەش لەلایەن سەرقونسڵی تورکیاوە لە هەرێم پێشوازی کرا.



PM:08:39:30/11/2018