حەوت كۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بوونە قوربانی

حەوت كۆڵبەر لەسەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران بوونە قوربانی.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردەوە كە رۆژی چوارشەممە ٥ی کانونی یەکەم،  كۆڵبەرێکی کورد بەناوی عەبدولقادر ساڵحیان خاوەنی چوار منداڵ وخەڵکی دیزج سەربە مەرگەوەر لە پارێزگای ورمێ، بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا، تا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و کەسوکارەکەی بەدوایدا دەگەڕێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی سێشەممەش لە سنوورەکانی سەردەشت هێزە چەکدارەکان تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی خالید سەلیمی تەمەن 23 ساڵ و جەعفەر منبەر 28 ساڵ لە دوو شوێنی جیادا بریندار بوون.

بەپێی راگەیەندراوەکە،  کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بەناوی عادل شەریفیی، لە ناوچە سنووریەکانی سەردەشت و لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار بووە.

رێکخراوەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەمان ڕۆژ لە شاری پیرانشار هێزە چەکدارەکان لە سنووری کانی خودا تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی شاهین محەممەدی بریندار بووە، هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەش لەهەمان شار بە ناوی شەریف مەحبوب تەمەن 32 ساڵ بە تەقەی هێزەکانی ئێران بووە.

لە ماوەی رۆژی رابردووشدا کۆڵبەرێک لە سنووری ئورمیە بە ناوی جوبرەئیل ئەحمەدی بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار بووە.



AM:10:33:06/12/2018