هۆشیار عەبدوڵا: هەنگاوەکانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستوری نین

پەرلەمانتارێکی دیاری گۆڕان ڕایگەیاند ئەو هەنگاوانەی ئێستا خانەی راپەراندن دەربارەی کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین.

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە سپی میدیای ڕاگەیاند " ئەو هەنگاوانەی ئێستا خانەی راپەراندن دەربارەی کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین و خانە ئەو دەسەڵاتەی نیە خۆی بکات بە لیژنەی باڵای کۆنفرانس و لیژنە فەرعیەکانیش بە سەرۆکایەتی یەکێک لە ئەندامانی خانە ببات بەڕێوە".

وتیشی "بە گوێرەی دەستور جڤات بریارئەدات نەک خانە ، دەبێت جڤات کۆ بێتەوە و بریار لە سەر لیژنەی باڵا و کۆی هەنگاوەکان بنێت بۆ ئامادەکاری کۆنفرانس ".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەشڵێت "بە ڕاشکاوی دەلێم گۆڕان دەبێت گۆڕانکاری ریشەیی لە قیادە و روئیاکەیدا بکات ، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ هێشتنەوەی هەمان قیادە و روئیایە بۆ ئەوەش دەبێت ئەندامانی هەردو جڤاتەکە هەڵوێستیان هەبێت نابێت بێدەنگ بن".

هۆشیار عەبدوڵا ڕوونیشێ دەکاتەوە کە ئەگەر کارەکان بەم شێوەیە بێت بەشداری کۆنفرانسی گۆڕان ناکات و دەڵێت "ئەگەر ئیجرائاتەکانی کۆنفرانسی نیشتیمانی کە خانە دەستی پێکردوە نەوەستێنرێت و جڤات بریار دەر نەبێت ، کۆنفرانسی نیشیمانی لای من بایەخێکی نابێت و لە ئێستاشەوە رایدەگەیەنم نە بەشداری هیچ لیژنەیەکی ئامادەکاری دەکەم و نە بەشداری لە خودی کۆنفرانسەکەدا ئەکەم ".



PM:02:17:07/12/2018