ئێران...لەمساڵدا ٦٨ هاووڵاتی كورد لەسێدارە دراون

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦٨ هاووڵاتی كورد لە ئێران لەسیدارەدراون و زیاتر لە ٢٠٠ كۆڵبەریش كوژراون و بریندار بوون.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، لەماوەی ١١ مانگی رابردوودا لانیكەم ٦٨ هاووڵاتی كورد لە زیندانەكانی ئێران لەسێدارەدراون كە سزای یەكێكیان لە پێش چاوی خەڵك جێبەجێ كراوە.

روونیشیكردووەتەوە، لەو ژمارەیە ٢٨ كەسیان خەڵكی پارێزگای ورمێ و ٢٢یان خەڵكی پارێزگای كرماشان و شەشیان خەڵكی پارێزگای سنە و شەشی دیكەیان خەڵكی پارێزگای لوڕستان و پێنجیان خەڵكی پارێزگای ئیلام و كەسێكیشیان خەڵكی پارێزگای خوراسانی باكوور بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، شەش كەسیان بە تۆمەتی چالاكی سیاسی و نۆیان بە تۆمەتی چالاكی ئاینیی و ٤٦یان  بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست و پێنجیان بە تۆمەتی  بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و دوو كەسیشیان بە تۆمەتی دەستدڕێژی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و سزاكەیان جێبەجێكراوە.

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ راشیگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦٥ كۆڵبەری كورد لە سنورەكانی هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون و ١٤٨ی دیكەش بریندار بوون و لەو ژمارەیەش ١٤١ كەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون و برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، زیاترین ڕیژەی قوربانی بوونی كۆڵبەران لە پارێزگای ورمێ تۆماركراوە كە لەو ماوەیەدا ١٤١ كۆڵبەر لە سنورەكانی ئەو پارێزگایە كوژراون و بریندار بوون. لە سنوری پارێزگای سنە  ٥٥ كۆڵبەر و لە پارێزگای كرماشانیش ١٤ كۆلبەر  كوژراون و بریندار بوون.

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ساڵانە زۆرترین كەس تیایدا لەسێدارەدەرێن و بەدەیان كۆڵبەریش لە رێگا سەخت و پڕمەترسییەكانی سنورەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكوژرێن و گیانلەدەستدەن.





AM:09:44:10/12/2018