هەسەدە ڕاگەیەندراوێک لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لەسوریا بڵاودەکاتەوە

هێزەکانی سووریای دیموکراتی هەسەدە بەیاننامەیەک لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا، بڵاودەکاتەوە.

لە بەیاننامەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/12/2018 بڵاویکردووەتەوە، هەسەدە رایگەیاندووە، کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان "خزمەتی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکات، چونکە هێشتا شەڕی دژی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە".

لە بەیاننامەکەدا، هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی کاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی دژی داعش دەبێت و دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی داعش و پشتیوانانی.

هەسەدە پێی وایە بڕیار کشانەوەکە لە کاتێک دایە، کە شەڕی دژی داعش گەیشتووەتە قۆناغێکی چارەنووسساز و ئەو قۆناغەش پێویستی بە بەردەوامیی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.

هەسەدە هۆشداریشی داوەتە ئەمریکا، کە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی "بێهیوابوونی گەلانی ناوچەکە لە بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری و بۆشاییەکی ئەمنی، سیاسی و سەربازی لە ناوچەکە دروست دەکات".

شەوی چوارشەممە 19/12/2018، کۆشکی سپی رایگەیاند، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.



PM:02:18:20/12/2018