وەزیری بەرگری ئەمریکا دەستی لەکارکێشایەوە

جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا دەستیلەکار کێشایەوە و رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا هاوپەیمانەکانی بپارێزێت.

 وەزیری بەرگری ئەمریکا رۆژێک دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رادەستی ترامپ کرد و ڕایگەیاند دوای  چوار دەیە خزمەتکردن لەنێو سوپا ئەوە فێربووە کە پێویستە ئەمریکا وێڕای رێزگرتن لە هاوپەیمانەکانی، هەموو کەرەستەیەکی پێویست بەکاربێنێ بۆ بەرگریکردن لە بەرژوەندی خۆی و هاوپەیمانەکانی. 

وتیشی پێویستە ئەمریکا لەبەرامبەر ئەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ وڵاتەکەی، سیاسەتێکی روونی هەبێت، بەتایبەت لە بەرامبەر کۆمەڵێک وڵاتی وەک چین و رووسیا کە دەیانەوێ هەژموونی خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن، دەبێت ئەمریکا هەموو هەوڵەکانی بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە توویتێکدا رایگەیاند، وەزیری بەرگری ئەمریکا تاوەکو دوو مانگی دیکە خانەنشین دەکرێت و کەسێکی دیکە بەزووترین کات لە جێگەی دەستبەکار دەبێت.



AM:09:44:21/12/2018