پرۆژەکانی "سانا مەحمود" شاجوانی کوردستان ئاشكرا دەکرێت

"سانا مەحمود" شاجوانی کوردستان رایگەیاند،  بەنیازە خوێندنگایەک بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
 
سانا مەحمود، شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە ماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاندووە،" من خولیای زۆرم بۆ ئەکتەری هەیە و هەر لەمناڵیەوە ویستوومە بگەم بە ئاواتەکەم و بەناوبانگ بم، دوای بوونم بە شاجوان بەشێک لە خەونەکانم هاتە دی و ئیتر کاتی کارکردنە".

ئاماژەی بەوەشکردووە،" بەر لەوەی خۆم کاندید بکەم بۆ شاجوانی کوردستان ٢٠١٨ من کاری فاشیۆنم دەکرد وەک نمایشکاری جل و بەرگ و وە لەهەفتەی نمایشی جلوبەرگی کوردستانیش بەشداریم کرد، لەمەودواش کارو پرۆژەی تایبەت بەخۆمم هەیە".

شاجوانی کوردستان ئەوەشی خستەروو، "دەیان پرۆژەی هەیە بۆ خزمەتی کوردستان و هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەتایبەتیش کردنەوەی خوێندنگا و شوێنی تایبەت بە خاوەن پیداویستە تایبەتیەکان".

 رۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ چوارەمین مەراسیمی هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا ١٤ خانم بەشداریان کرد و کاندید بوون بۆ نازناوەکە، لە کۆتاییدا "سانا مەحمود"ی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی هەڵبجە بوو بە شاجوان. 


PM:08:33:23/12/2018