یەك ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیەندرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی كانونی یەكەم، ئەو ژنەی كە خۆی و سێ منداڵەكەی لە روداوێكی گوماناویدا لە چەمچەماڵ سوتان، لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی گیانی لەدەستدا، لە مەراسیمی بەخاكسپاردنیشیدا قایمقامی چەمچەماڵ رۆژێك ماتەمینی راگەیاند.

ئەمڕۆ سێوان قادر پاش مانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك لە نەخۆشخانەی سوتاوی و جوانكاری شاری سلێمانی گیانی لەدەستداو تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەری شاری سلێمانی-ەوە رەوانەی چەمچەماڵ كرایەوە، لە پاش گەیشتنەوەشی تەرمەكە لە گۆڕستانی چەمچەماڵ بەخاكسپێردرا.

لەمیانی بەشداریكردنی لە مەراسیمی بەخاكسپاردنەكەدا رەمەك رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند "ئەم روداوە دڵی هەموومانی هەژاند، هەربۆیە بڕیارماندا سبەی ماتەمینی گشتی بۆماوەی یەك رۆژ لە چەمچەماڵ رابگەیەنین و ئاڵای كوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا حكومییەكان بۆ نیوە بهێنینە خوارەوە".

لەبارەی نوێترین بەرەوپێشچونەكانی كەیسەكەشەوە قایمقامی چەمچەماڵ ئاشكرایكرد "سەرجەم بەڵگەكان ئامادەكراون و دراونەتە دادگا و داواكاری گشتی، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی بڕیاری ئەوانین".

سێوان قادر تەمەن 23 ساڵ دایكی دوو كوڕ و كچێك بوو بەناوەكانی (دارین و لارین و دەوەن) كە تەمەنیان لەنێوان 5 ساڵ و 3 ساڵ و 6 مانگدابوو، هەرسێ منداڵەكەش بەهۆی ئاگرەكەوە لەماڵیاندا لە ئێوارەی 16ی كانونی یەكەم، بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا.

زیاتر لەهەفتەیەك لەمەوبەر سێوان و سێ‌ منداڵەكەی لە روداوێكدا لەنێو ماڵەكەیاندا سوتان‌، باوكی سێوان مێردی كچەكەی تۆمەتبار دەكات بەو رووداوە و دەڵێت "كچەكەم و هەرسێ منداڵەكەی سوتاندووە‌ ‌"، هەربۆیە سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركردووە.



PM:01:50:24/12/2018