بەوێنە...هێزەكانی توركیا بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان جوڵەیان پێكرا

توركیا ڕۆژانە هێزی زیاتر دەباتە سەر سنووری رۆژئاوای كوردستان و رۆژنامەیەكیش ئەو وڵاتەش دەڵێت كە "بەشێك لە هێزەكان چوونەتە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان و سووریا".

ئەمڕۆ چوارشەممە 26/12/2018، رۆژنامەی "حورییەت دەیلی نیوز"ی توركی چەند وێنەیەكی ناردنی هێزەكانی وڵاتەكەی بۆ سەر سنووری رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش كردووە، كە بەشێك لە هێزەكانی سوپای توركیا لە سنووری پارێزگای كیلیس لە توركیاوە، چوونەتە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان و سووریا.

ناردنی ئەو هێزانەی توركیا بۆ سەر سنووری رۆژئاوای كوردستان هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا بە چوونە ناو خاكی ئەو بەشەی كوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا بۆ نەهێشتنی هێزەكانی سووریای دیموكراتی "هەسەدە".

شەوی چوارشەممە 19/12/2018ش، كۆشكی سپی رایگەیاند، كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا داوە.

 




AM:09:34:26/12/2018