دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو لیستانەی گەندەڵی کە بە ناوی دەستەکەیانەوە بڵاوکراونەتەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و دروستکراون.
دەستەی دەستپاکی لە بەیاننامەکەیاندا، کە ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند لیستێک بڵاوکراونەتەوە و تیایدا کەیسی گەندەڵی دراوەتە پاڵ چەند کەسێک و وەها بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو لیستانە هیچ پەیوەندییەکیان بە دەستەکەیانەوە نییە و دروستکراون.
دەستەکە ڕاشیدەگەیەنێت، دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی فەرمییە و چالاکییەکانیشی بە فەرمی و بە شێوەیەکی ئاشکرا بڵاودەکاتەوە و داواشدەکات ناوی دەستەکە بۆ هیچ مەبەستێک بەکارنەهێنرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا چەند لیستێکی گەندەڵی بە ناوی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر هونەرمەند، ڕۆشنبیران و نووسەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە و ئەمڕۆش دەستەی دەستپاکی هەرێم بێئاگایی خۆیان لەو لیستانە ڕاگەیاند.