هەڤاڵ ئەبوبەکر: کار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی ۱۰۰ مەتری دەکەین

لە کۆنگرەیەکى  ڕۆژنامەوانیدا، هەریەکە لە  پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، ئامارەکانی ساڵی ڕابردوویان بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکەش ساڵی ڕابردوو لە سلێمانی ٥٣٨ هەزار و ٣٦٢ تەن مەوادی خراپ و بەسەرچوو ناوبراوە.
 
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیکەدا رایگەیاند: سەرباری قەیرانی دارایی و ئەو رەوشە خراپەی کە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە بەڵام حکومەتی خۆجێی سلێمانی بەو توانایەی کە لەبەردەستیدابووە بەردەوام بووە لە کارو پڕۆژەکانی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و رێگە نەدراوە لایەنە گرنگەکانی پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتیان پەکی بکەوێت.
 
ئاماژەى بەوەشکرد، بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت جێگری سەرۆکی حکومەتى هەرێم بەشێکی زۆر لە پرۆژە راوەستاوەکانی سلێمانی کەوتوونەتەوەکار و لە ساڵی "2019"دا پلانێکی گشتگیریان هەیە بۆ سەرجەم کەرتەکان و بوژانەوەی بازاڕ و دروستبوونەوەی جموجوڵەی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی و گرنگیدانی زیاتر بە کشتوکاڵ.
 
ئەوەشی خستەڕوو، سەرباری قەیرانی دارایی و ئەو دۆخە دژوارەی کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە بەڵام ساڵی 2018 بۆ پارێزگای سلێمانی ساڵێکی پڕ کارو خزمەت بووە.
ووتیشی "لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی پرۆژەی شەقامی ۱۰۰ مەتری بکەوێتە کار کە پرۆژەیەکی گرنگە بۆ سلێمانی"
 
هاوکات ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی باسی لەوەکرد، ساڵی ڕابردوو لیژنەکانیان ٣٩ هەزار و ١٦٨ سەردان و بەدواداچوونیان کردووە بۆ شوێنە جیاوازەکان و لە ئەنجامدا سێ هەزار و ٢٩١ شوێن بەهۆی پابەند نەبونیان سزادراون و ٢٤٣ شوێنیش داخراون و ٢٤ شوێنی دیکەش دراونەتە دادگا.
 
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی ڕابردوو بە بڕی ٢٢٣ ملیۆن و ٢٠٠ ملیۆن دینار شوێنە جیاوازەکانیان غەرامەکردووە و کۆی پارەکە گەڕاوەتەوە بۆ سەر بودجەی گشتی.
 
لە بەشێکی تری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند لە 2018 دا ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆیان بینییوە لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان و دەیان کەسیان بە تۆمەتی تیرۆر و تێکدانی ئارامی سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە ، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ووتیشی بۆ 2019 پلانێکی تۆکمەیان داڕشتووە و رێگری لەهەر کارێک دەکەن کە ئاسایش و ئارامی خەڵک و هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج .
 


PM:04:37:03/01/2019