وەزیری دارایی هەرێم پێشبینی باشبوونی دۆخی دارایی هەرێم دەکات

وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دۆخێکی باشی دارایی بۆ ئەمساڵی نوێ و کابینەی نوێ حکومەتی هەرێم دەکات.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسینێکدا لە فەیسبووکی خۆی نوسیوویەتی، "بناغەی بەرەو پێشچونی ئابووری و باشبونی دۆخی دارایی لە ھەمو وڵات و حوکمڕانییەک بریتییە لە ئارامی و بونی ئاسایش و نەبونی شەر و ئاڵۆزی، دواتر ڕێکخستنی داھات و خەرجی و برەودانی وەبەرھێنان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات".

وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش دەخاتە روو " لە هەرێمی كوردستان بەهۆی سیاسەتی ئابووری و بەهێزی پێگەی هەرێم لە ناوچەكە، رەوشی دارایی بە بەراورد بە ساڵانی شەری داعش و نەناردنی بودجەی لە لایەن بەغداوە بەرەو پێشتر چووە و هەموو پێشبینیەكانیش بۆ حكومەتی داهاتووی هەرێم لەرووی ئابووریەوە گەشبینانەیە، بۆیە پێكهێنانی كابینەی نوێ بە زوترین كات ئەركی سەر شانی هەموو ئەو هێز و لایەنانەیە كە دەیانەوێت بەشداری حكومەت بكەن".

رێباز حەملان، هیوادارە ھەردوو ھێزی سیاسی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە زوترین کات دەستبکەنەوە بە گفتوگۆ بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆ، ئەو پێیوایە" ئەو دوولایەنە پشکی شێری بەرپرسیارێتیان بەردەکەوێ پاشان بزوتنەوەی گۆران و ھێزە سیاسییەکانی دیکە کە دەبێت کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و هاوکات بە چاکبونی دۆخی دارایی پاداشتی ھاونیشتمانیانی ھەرێم بدەنەوە".

حەملان رونیشیکردووەتەوە، "میللەتەکەمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا جارێکی دیکە دەنگ و باوەری خۆی دایەوە بە پارتی و کردییەوە ھێزی یەکەم بە زیادبونێکی بەرچاوی کورسییەکانیان و وە یەکێتی لە ھێزی سێیەمەوە بوەوە بە ھێزی دووەم، کە ئەمە چانسێکی گەورەیە و پێویستە بە خزمەتکردنی زیاتر و چاکبونی دۆخی دارایی و بازار و ژیانی ھاونیشتمانیان وەڵام بدرێنەوە".

وەزیری دارایی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "پێویستە دەرفەت نەدرێت لە ناوخۆو دەرەوە درز بخرێتە نێوان ئەم ھێزە سەرەكیانە و لە پێناو ھەرێمی کوردستان و خەڵک و خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگە ئومێد دەکەم ھەواڵەکانی ساڵانی نەوەدەکان نەدەینەوە بە گوێی لاوانی تازە پێگەیشتوو دڵی نەیار و دوژمنان خۆش نەکەین".



AM:10:46:06/01/2019