راوێژكاری پێشووی مام جەلال كۆچی دواییكرد

دوێنێ دووشەممە فەوزی رەشید نامیق، راوێژكاری پێشووی مام جەلال و ئەندامی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆچی دوایی كرد.

فەوزی رەشید نامیق لەساڵی 1930 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و خوێندنی ئامادەیی هەر لە سلێمانی تەواو كردووە، هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە تێكەڵی كاری سیاسی بووە.

فەوزی رەشید نامیق، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بووە و پێش خانەنشینكردنیشی راوێژكاری ئیداری بووە لەئەنجومەنی وەزیران لە سلێمانی.

لە ساڵی 1969 ئەندام ناوچەی سلێمانی بووە لە باڵی مەكتەبی سیاسی، دوای تێكچوونی رێكەوتننامەی ئازار لەساڵی 1974 بووە بە ئەندامی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەنگاو دواتریش بووە بەئەندامی مەكتەبی رێكخستن.

دوای هەرەسی شۆڕش بۆ ماوەی 3 ساڵ دورخراوەتەوە بۆ شاری رومادی، پاش راپەڕینیش بووە بە راوێژكاری مام جەلال بۆ كاروباری حكومەت، لەساڵی 1994 ەوە ئەندامی مەڵبەندی هەولێر بووە.

دوێنێ دوو شەممە 7ی كانوونی دووەمی 2019 لەتەمەنی 89 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و بڕیارە ئەمڕۆ پرسەكەی لە شاری سلێمانی بەڕێوە بچێت.



AM:09:32:08/01/2019