لەسەر هەڵوێستی بەرامبەر کوردانی رۆژئاوا، ئۆردوغان ئامادە نەبوو بۆلتن ببینێت

‌بۆلتن، راوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا.. ئاژانسەکان
هەرچەندە لە بەرنامەی سەردانەکەدا بوو سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا ببینێت، بەڵام لەسەر هەڵوێستەکانی بەرامبەر کورد، ئۆردوغان ئامادە نەبوو بۆلتن ببینێت.

بۆڵتن لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا تەنیا چاوی بە ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کەوتووە، بڕیاربوو لە دوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام بۆڵتن بەبێ ئامادەبوون لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە، دەگەڕێتەوە ئەمریکا.

 ئەردۆغان لە وتەیەکیدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ''تورکیا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ شەڕی دژ بە داعش لە سووریا، ئەمەش دوای بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە سووریا''.

سەرۆکی تورکیا راشیگەیاند، ''ئێمە هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریا لەناودەبەین، ئەگەر گرووپی دیکەی تیرۆریستیش هەبن، ئەو کاتە تورکیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت رووبەڕوویان ببێتەوە لەناویان ببات''، ( مەبەستی لە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بوو).

هەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەکەی بۆڵتن و ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بەر لە سەردانەکەی بۆ سووریا رایگەیاند، بە دوو مەرج لە سووریا دەکشێنەوە، یەکێکیان بەردەوامبوونی شەڕی داعشە، ئەوەی دیکەش پارێزراویی کوردە. 



PM:03:42:08/01/2019