خەسرەو گۆران: یەکێتی حکومەتی پەنجا بە پەنجای دەوێت

خەسرەو گۆران ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، ھەموو لایەنەکان داوای بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام یەکێتی حکومەتی پەنجا بە پەنجای دەوێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا خەسرەو گۆران رایگەیاندووە، "کێشەی ھەرە سەرەکیی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەیە کە پارتی حکومەتی فیفتی بە فیفتی ( پەنجا بە پەنجا) ڕەتدەکاتەوە بەڵام یەکێتی ئەو جۆرە حکومەتەی دەوێت و دەیەوێت زۆرترین پۆست ببات کە ئەمەش جێگای قبوڵ نیە، چونکە ھەر بەتەنھا یەکێتی لە گۆڕێ نیە لایەنەکانی تریش ھەن وەک گۆڕان و کۆمەڵ و پێکھاتەکانی تر".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان فکرەی ئۆپۆزسیۆنبوون نیە، ھەموو لایەنەکان دەیانەوێت لەحکومەت بەشدار بن و داوای بەشداریکردن لە حکومەت دەکەن بەگۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیشەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پارتی بەو پێیەی زۆرینەی ھێناوە دەیەوێت ئازاد بێت لەوەی (٥٠+١) لەگەڵ کام لایەن پێکبێنێت، چونکە لای ئێمە کە دەڵێین حکومەتی بنکە فراوان، مەرج نیە ھەموو لایەنەکان بەشدار بن تیایدا، دەکرێت پارتی بەتەنھا لەگەڵ یەکێتی یاخود بەتەنھا لەگەڵ گۆڕان، یان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان حکومەت پێکبھێنێت".

خەسرەو گۆران راشیگەیاندووە، "پارتی نەرمی زۆری بۆ لایەنەکان نواندووە بەتایبەت بۆ یەکێتی، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پارتی لە ئیستحقاقاتی خۆی تا کۆتایی ھەر سازش بکات".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی جەختی لەوەشکردووەتەوە، حکومەتێک لە ‌ھەرێمی کوردستان بێ یەکێتی پێکبێت بێ کێشە نابێت بۆیە بوونی یەکێتی لەناو حکومەت شتێکی پێویستە.



AM:09:06:09/01/2019