دوا زانیاری لەسەر پشكی هەرێم لە بوودجەی عێراق ئاشكرادەكرێت

پەرلەمانتارێك لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق مەترسیەكان بۆ سەر پشكی هەرێم لە بوجەی گشتی عێراق ئاشكرادەكات و دەڵێت "مەترسی بڕینی دەرمان و بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیانی هەرێم و پارەی جوتیاران هەیە".

لەمادەی 10ی تایبەت بەبودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا هاتووە "لەئەگەری پابەندنەبونی حكومەتی هەرێم بەیاسای بودجەی 2019وە، ئەوە بەغدا پابەندنابێت بەناردنی بودجەی هەرێم، جگە لەناردنی موچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگ".

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا بۆ "سپی میدیا" ڕایگەیاند "لەئەگەری پابەندنەبونی هەرێم بەیاسای بودجەو جێبەجێكردنی بڕگەی (ج) لەمادەی 10ی تایبەت بەبودجەی هەرێم ئەوە كێشەی ئەوەی لێدەكەوێتەوە كە عیراق بەشە دەرمان و خۆراكی مانگانەو پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم ببڕێت كە لەسەر بودجەی حاكیمەن".

ناوبراو سەبارەت بەو پرسە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ئەو مەترسییە لەبەرچاوگیراوەو وەكو لیژنەی دارایی دەمانەوێت دیراسەی بكەین، بۆ ئەوەی دەستكاری ناوەڕۆكەكەی بكەین و ئەو مەترسییەی كە هەیەتی نەیهێڵین و وتیشی "ئەگەر حكومەتی عیراق ئامادەبێت پارەی موچەی فەرمانبەران و بەشێك لەهێزی پێشمەرگە بنێرێت، ئەوە پێناچێت بیر لەبڕی دەرمان و خۆراك و پارەی جوتیارانی هەرێم بكاتەوە، تەنانەت لەكابینەی پێشتری حكومەتی عیراقیش دەست بۆ بڕینی ئەو شمەكە سەرەكییەكانە نەبرا".


PM:12:49:13/01/2019