کورد ۱۱ داواکاری پێشکەشی دیمەشق دەکات

هێزە کوردییەکانی سوریا ١١ بەندیان لەو نەخشە ڕێگایەدا پێشکەش بە لایەنی ڕووسی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا، دیارترینیان دانپێدانانی دیمەشقە بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە.

ڕۆژنامەی شەرقئەوسەت بڵاویکردەوە داخوازییەکی گروپ و لایەنە کوردییەکانی ناوخۆیی سوریا لەناو ئەو نەخشەڕێگایەی کە ڕادەستی لایەنی ڕوسیایان کردووە وەک ناوبژیوان بۆ گفتوگۆکانی نێوان سوریا و کورد بڵاوکردووەتەوە و، ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەندی یەکدا ئاماژە بەوە کراوە، سوریا دەوڵەتێکی یەکگرتووە و داندەنێت بە سنوری نێودەوڵەتیدا و وەک دەوڵەتێکی ناوەندی و پایتەختەکەی دیمەشقە.

لە بەندی دووەمدا ئاماژە بەوە کراوە بەشار ئەسەد سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەموو سوریایە و، لە بەندی سێهەمدا داوایانکردووە سامانی سروشتیی سوریا بە یەکسانی بەسەر هەموو لایەکدا دابەشبکرێت، چونکە هی هەموو سورییەکانە.

لە بەندی چواری نەخشە ڕێگاکەدا ئاماژە کراوە بەوەی، داندەنێت بە سیاسەتی گشتیی وڵاتدا وەک چۆن لە دەستووردا تۆمارکراوە، بە سیاسەتی دەرەوە و سەرچاوەی بڕیاری کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان لە دیمەشقەوە.

بەندی پێنجەم ئاماژەی کردووە بە دانپێدانان بە یەک ئاڵا لە وڵاتدا، ئەویش ئاڵای فەرمی کۆماری عەرەبی سوریایە، بەو پێیەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسێنراوە.

لە بەندی شەشەمدا هاتووە، لایەنی کوردی داندەنێت بە بوونی یەک سوپای دەوڵەت، بەڵام هەڵوێستێکی گفتوگۆکردن هەیە، کە لەسەر ئەوە بنیاتنراوە پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشێک بێت لە سوپای نیشتمانی.

لە بەندی حەوتەمدا کورد داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری نائاسایی کردووە لە سوریا بەگوێرەی چاکسازیی دەستوور، بۆئەوەی ببێتە دەستوورێکی تەوافوقی و دەرکردنی یاسای حزبەکان و دەزگایەکی دادوەریی سەربەخۆ.

لە بەندی هەشتی نەخشە ڕێگاکەی کورد ئاماژە بەوە کراوە، پێویستە دیمەشق دان بنێن بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کورد دا لە ناوچە کوردییەکان، لە بەندی نۆیەمدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا و ڕێکارەکان کراوە، کە جیاکاریی کردووە لە بەرامبەر گەلی کورد دا لە ڕۆژئاوای کوردستان.

لە بەندی دەیەمدا لایەنی کوردی داوایکردووە بە دانپێدانانی کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لەناو پێکهاتەکانی گەلی سوریادا.

لە کۆتا بەنددا داوای بودجە و دارایی کراوە بۆ سەرجەم ناوچەکان بە ناوچە کوردییەکانیشەوە.

تا ئێستا چەندجارێک مۆسکۆ هەردوو لایەنی کوردی و دەسەڵاتدارانی سوریای هانداوە بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا گەشبینی خۆی نیشاندا سەبارەت بە گفتوگۆی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەو گروپە کوردییانەی کە دەیانەوێت ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دیمەشق ئیمزابکەن.



AM:07:59:19/01/2019