ناسنامە بە مریەم درا

پاش چەند ساڵ لە گەڕاندنەوەی بۆ هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە سلێمانی بڕیار درا ڕەگەزنامەی عێراقیی بە  مریەم هەڵەبجەیی بدرێت.

مریەم كە ناوی خۆیە گۆڕیوە بۆ ژیان كامەران و ڕێكەوتی لەدایكبوونیشی ئەمڕۆ دیاری كردووە و لە پرێس كۆنفرانسێكدا دادگای سلێمانی بڕیاریدا ناسنامەی عێراقیی بە فەرمی پێ بدرێت.

پێشتر و لە بەرواری 31-10-2017 لە دادگای سلێمانی دانیشتنێك لەبارەی كەیسی مریەم هەڵەبجەیی بەڕێوە چووبوو، پارێزەرەكەشی ئاشكرای كردبوو كە پشكنینی (دی ئێن ئەی)  ئەوەی سەلماندووە كە مریەم هاوناز نییە، بەڵام دوای چەند پشكنین و دادگایی و پێداچوونەوەی دیكە ئەمڕۆ چارەنووسی یەكلایی بووەتەوە.

مریەم هەڵەبجەیی كچێكی كوردی ونبووی هەڵەبجەیە و لە ئێران گەورە بووە، لە ساڵی 2015 وەها راگەیێندرا كە ناوی راستەقینەی هاونازە ‌و دایكی هاونازیش دۆزرایەوە، بەڵام دواتر دەركەوت كە لە ئاشكراكردنی ناسنامەكەی هەڵە كراوە.

بەهۆی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 لەلایەن سەددام حوسێنەوە، تاكوو ئێستا 179 منداڵی 73 خێزانی هەڵەبجە چارەنووسیان دیار نییە، 7 منداڵی هەڵەبجەییش چاوەڕێی ئاشكراكردنی ناسنامەیان دەكەن ‌و دادگاش لێدوانی سێ لەو منداڵانەی وەرگرتووە.



PM:02:04:20/01/2019