چەند پەرلەمانتارێک لە پرۆژە یاسای بوودجە بڕێک پارەیان بۆ چەند ناوچەیەکی هەرێم جێگیرکرد

پێنج پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لە پرۆژە یاسایی بودجە بڕێک پارەیان لەدەرەوەی پشکی هەرێم بۆ ناوچەکانی قەڵادزەو هەڵبجەو سۆران و دهۆک جێگیرکردووە.

هۆشیار عەبدوڵا بە سپی راگەیاند "لە دەرەوەی پشکی هەرێم و لە رەشنوسی موازەنەی ئیتیحادی ساڵی ۲٠۱۹ دا، چەند دیاریەکمان بۆ هەڵەبجە و قەڵادزێ و سۆران و دهۆک جێگیر کرد".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێت "لە رەشنوسی موازەنەی ۲٠۱۹ ، لە سەرداوای پەرلەمانتارە کوردەکانی لیژنەی دارایی ، ئەم بڕە پارانەمان وەک دیاریەک بۆ ئەم شارانە جێگیر کردوە؛ هەڵەبجە دو ملیار دینار، قەڵادزێ دو ملیار دینار، دهۆک ملیارێک دینار، سۆران ملیارێک دینار".

هۆشیار عەبدوڵا کە ئەندامی لیژنەی داراییە لە درێژەی لیدوانەکەیدا دەڵێت "لە لیژنەی دارایی جێگیرمان کردوە و چاوەرێین لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت" .

ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە " ئەو پارانە پەیوەندی بە پشکی هەرێمەوە نیە و تایبەت دەکرێن بە پرۆژەی جیا جیای ئاوەدانکاری" .
پەرلەمانتارەکانی:  ئەحمەد ئەلصەفار، ئەحمەد حەمە رەشید، جەمال کۆچەر، شێروان میرزا، هۆشیار عەبدوڵا یە.



PM:07:59:21/01/2019