فڕۆکەخانەی سلێمانی: دوا هەوڵی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو بوو

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند هیچ گرەنتیەک نییە بۆ ئەوەی هەر وڵاتێک گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕانەگرێت و ئاشکراشی کرد بە هەوڵی سەرۆک کۆمار گەشتەکان دەستیان پێکردووەتەوە.


تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند "دوای ئەوەی گەشتەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستیان پێکردووەتەوە هەندێک وڵاتی تریش دەست بە گەشتەکانیان دەکەنەوە".

بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی سلێمانی ڕاشیگەیاند "ماوەیەکی زۆرە گەشتی هەندێک وڵات بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیراوە، ئەگەر دەست بە گەشتەکانیشیان بکەنەوە پێویستی بە کات هەیە بۆ ئەوەی کاتی گەشتەکان ڕێکبخرێنەوە".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە سەرجەم بەرپرسانی حکومەی و حزبی هەوڵی لابردنی گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانییان داوە و دوا هەوڵیش کە سەرکەوتووبوو هەوڵەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، د.بەرهەم ساڵح بووە.

سەبارەت بەو زیانانەی لە ئەنجامی داخستنی ئاسمانی تورکیا دووچاری فڕۆکەخانەکە هاتووە، تاهیر عەبدولآ وتی" زیانێکی زۆر بە خەڵک و کۆمپانیاکان و فڕۆکەخانە کەوتووە، تەنها فڕۆکەخانە لە ساڵی ٢٠١٨دا زەرەری ٥ ملیۆن دۆلار زیاتری لێکەوتووە".




PM:12:10:26/01/2019