هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە

هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە لەسەر ئەو گۆڕانکارییەی بڕیارە لە ڕۆژی هەینییەوە جێبەجێ بکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هاتووچۆدا هاتووە "ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی بەڕێز دەکەین کە لە بەرواری ١.٢.٢٠١٩ رۆژی هەینی گۆڕانکاری لە ئاراستەی هەندێک لە شەقامەکانی چوون و دەرچوون بۆ ناو سەنتەری شاری سلێمانی و ناوبازاڕ ڕوودەدات".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە گۆڕانکارییەکە بەم شێوەیە دەبێت:


1. شەقامی مامۆستایان (بەردەم قائیمقامیەت) لە گۆڕەپانی سلێمانی پاڵاس بەیەک ئاراستە و بە چوار لەین سەردەکەوێتە سەرەوە بۆ فلکەی یەکگرتن.

2. شەقامی حەمدی (قەنات) لە فلکەی یەکگرتن بەیەک ئاراستەو چوار لەین دەڕوات بەرەو فلکەی فریاکەوتن.

3. شەقامی پیرەمێرد، لە فلکەی یەکگرتن بەرەو گۆڕەپانی سەرا دەبێتە یەک ئاراستەو بە چوار لەین ئوتومبیل دێتە خوارەوە.

4. شەقامی مەولەوی، جوڵەی ئوتومبیل تیایدا پێچەوانە دەبێتەوەو لە گۆڕەپانی سەرا بەرەو گۆڕەپانی سلێمانی پاڵاس دەبێتە یەک ئاراستە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەکاتی چوونتان بۆ ئەم شەقامانە تکایە ئاگاداری ئاماژەکانی پۆلیسی هاتووچۆبن و هاوکاریان بن بۆئەوەی ئاستەنگ دروست نەبێت بۆ هیچ کەسێک و ئەم گۆڕانکارییانە لە رۆژی هەینییەوە بۆ ماوەی ٤ چوار ڕۆژ بە شێوازی ئەزموونی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تکایە هاوڕێ و خزم و کەسەکانتان ئاگادار بکەن."



PM:05:49:27/01/2019