وەزارەتی ئەوقاف لەسەر وتاری هەینی بڕیارێکی نوێ دەردەکات

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێویستی دەزانێت، کە وتاری هەینی تەوەری بەهێز و گرنگ بێت و بگونجێ لەگەڵ واقعی ئەمڕۆ و خزمەت بەئایینی پیرۆز بكات. 

لە راگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تیایدا وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم  ئاماژە بەوەدەکات، ئەمڕۆ یەك شەممە 2019/1/27 لەدیوانی وەزارەت بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی كارگێری و دارایی بەوەكالەت و هەریەك لە سەرۆكی لقی ھەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، سەرۆكی بۆردی وتاری ھەینی و ئەندامانی لیژنەی وتاری ھەینی و لیژنەی تەكنینكی كۆبونەوەی یەكەمی ساڵی تازەی ٢٠١٩ی ئەنجامدا.

ئەوەشهاتووە، بەپشت بەستن بە ڕاسپاردەكانی كۆنفڕانسی ڕێكخستنی وتاری ئایینی، كە لە ساڵی ٢٠١٦ گرێدرا، خاڵی تایبەت بە ڕێكخستنی وتاری ئایینی باسكراوە و خاڵەكانی كۆبوونەوەكە بەئامانجی ڕێكخستنی زیاتری بابەتی وتاری ھەیینی و زیاتر ڕێكخستنەوەی تەوەرەكانی وتار دەبێت.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، جەختیشكراوەتەوە لەسەر دانانی تەوەری بەھێز و گرنگ، كە بگونجێ لەگەڵ واقعی ئەمڕۆ و خزمەت بەئایینی پیرۆز بكات، ئامانجی سەرەكیش گەیاندنی پەیامی ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەك خۆی، كە خزمەتە بەھەموو لایەك.

وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەشکردووە،کە لە كۆبوونەوەكەدا دەستنیشانی میكانیزمی گەیاندنی تەوەری وتاری ھەینی بۆ سەرجەم مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژان لەھەرێمی كوردستان كراوە، بۆ ئەمەش شێوازی گەیاندنی خێرا تاوتوێ كرا، بەشێوەیەك، كە ناوەڕاستی ڕۆژانی ھەفتە بەدەست وتاربێژانی بەڕێز بگات.


PM:09:22:27/01/2019