نوووسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک دوای ئەوەی دوێنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرا پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ ٢٨ ی کانوونی دووەم سەرلەنوێ کرایەوە.
پەیامنێری ئەو کەناڵە لە دهۆک ڕایگەیاندووە" ئەمڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە ڕێگەدراوە نوسینگەکە بکرێتەوە".
ئەو پەیامنێرە کە کەناڵەکە ناوی نەهێناوە ئاشکرای دەکات لە ئێستادا وەک ڕۆژانی ئاسایی کاری ڕۆژنامەگەری خۆیان لە ناو نوسینگەکەدا دەکەن.
دوێنێ یەک شەممە ٢٧ ی کانوونی دووەم نوسینگەی ئێن ئاڕ تیان لە دهۆک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرا و کارمەندەکانی کەناڵەکەیان بە زۆر ڕەوانەی ماڵەوە کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کەناڵەکە رووماڵی خۆپیشاندانەکەی شیلادزێ رۆژی شەممەی رابردووی کرد کە خۆپیشاندەران سەربازگەیەکی سووپای تورکیایان کۆنترۆڵکردو لە ئەنجامی ئەو رووداوە گەنجێک کوژراو ١٠ ی تریش برینداربوون.