ئەو كەسەی لە NRTیەوە قسەیكرد داوای لێبوردن دەكات

ئامانج هەورامی ، ئەو هاوڵاتیەیە كە لە كەناڵی ئێن ئاڕتیەوە قسەی لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستا و بەشێك لە پێشمەرگەی ڕابردووی شاخ كرد و لە ئێستادا داوای لێیوردن دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی كانونی دووەمی 2019 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی و بە ئامادەبوونی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی  و ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی و ژمارەیەك پێشمەرگەی دێرین و بەشێكی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن، ئامانج هەورامی رایگەیاند: سەبارەت بە لێدوانێكم بۆ بەرنامەیەكی كەناڵی NRT كەتێیدا بەمەبەست دەستكاری قسەكانم كرا و ئەمەش بووە جێگەی ناڕەزایی و رەخنەی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و كیمیاباران، لێرەوە رایدەگەیەنم، راستە ئەو وتانە هی منن، بەڵام دەستكاریی كراون و داوای لێبوردن لە سەرجەم پێشمەرگە دێرینەكان و خانەوادەی شەهیدان و كیمیاباران و ئەنفال دەكەم.

وتیشی "گلەیی زۆرم لە كەناڵی NRT هەیە، چونكە بەمەبەست دەستكاری قسەكانم كراوە، هەرچەندە دواتریش داواملێكردوون وتەكانم بەتەواوی بڵاوبكەنەوە یاخود لە كەناڵەكەی خۆیانەوە لێدوانم هەبێت، بەڵام وەڵامیان نەداومەتەوە".

ئامانج هەورامی راشیگەیاند، دوای خۆپیشاندانەكەی پێشمەرگە دێرینەكان لەسەر وتەكانم، خۆم چومەتە كەناڵی NRT و روونكردنەوەمداوە و داوای لێبوردنم لە هاووڵاتیانی كوردستان كردووە، وتیشی "هەرچەندە روونكردنەوەكەم تائێستا بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام كۆپییەكی لەلای خۆم پارێزراوە".

وتیشی "لەبەرئەوەی لەیەكەیەكی سەربازی كاردەكەم و هاوكات سەرپێچییەكی سەربازیشم هەیە، بەخواستی خۆم، خۆم رادەستكردووە و دەستبەسەركردنەكەشم هیچ پەیوەندییەكی بەو قسانەوە نەبووە كە كردومە".

ئامانج هەورامی وتیشی "سوپاسی هێزە ئەمنییەكان دەكەم كە تاكو ئێستا چاودێریم دەكەن و داواشیان لێدەكەم بەردەوام بن لە چاودێریكردنم، چونكە رەنگە كەسانێك بیانەوێت ئەم دۆخە ئارامە تێكبدەن".

جەختیشی كردەوە، دوبارە داوا لەكەناڵی NRT دەكەم وتەكانم بە دروستی دابەزێنن، دوپاتیشیكردەوە كە پێشتر چووەتە كەناڵەكە و لەبەرامبەر روونكردنەوە بۆ قسەكانی، لەلایەن كەناڵەكەوە پێشنیاری شوقە و سەیارە و پاسەوانی تایبەتی بۆ كراوە، بەڵام ئەم رەتیكردوەتەوە.

لەكۆتایی قسەكانیشیدا وتی "پێشمەرگە لای من پیرۆزە، چونكە بنەماڵەكەم خاوەنی پێشمەرگە و كیمیاباران و ئەنفالە و خۆشم كوڕی پێشمەرگەم".



PM:03:32:31/01/2019