پۆلیسی سلێمانى داخستنی چەند یانەیەکی شەوانەی ڕاگەیاند

پۆلیسی سلێمانى ڕایگەیاند، بەهۆى پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییەكانی گەشتوگوزارەوە، پێنج یانەى شەوانە داخران و دەستیش گیرا بەسەر چەند پارچە چەکێکدا.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لە هەڵمەتێكی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار، بە هاوكاریی هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بۆ گەڕان و پشكنینی كافتریا و یانە شەوانەكانی سنوری بنكەکە، پێنچ یانەی شەوانە داخران و دەستیش گیرا بەسەر چوار دەمانچە و چەند پارچە چەقۆ و بۆكس خەنجەرێكدا.

پۆلیسی سلێمانى هۆکاری داخستنى ئەو یانە شەوانەى بۆ پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانى گەشتوگوزارى سلێمانى گەڕاندەوە، كە تا كاتژمێر ٢ی شەو یانەكان كراوەبوون و ڕایگەیاندووە لە ئێستادا خاوەنی دەمانچەكان بەپێی ماددەی ٢١ی چەك و بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون.



PM:05:49:01/02/2019