ترەمپ دوا بڕیاری لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق ڕاگەیاند

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەنیازی هێشتنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیەتی لە عێراق، ئامانج لەو کارەش چاودێریکردنی ئێرانە.

سەرۆکی ئەمریکا لە دیدارێکدا لە کەناڵی تەلەفزیۆنی سی بی ئێسی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەنیازی هێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەتی لە ناوخۆیی عێراق، ئامانج لەو کارەش چاودێریکردنی ئێرانە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی بدات چاودێریکردنە، چونکە بنکەی سەربازیی پڕ تێچوونیان هەیە و دەیانەوێت چاودێریی سەرجەم بەشە جیاجیا ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، چونکە ئەوە باشترە لە کشانەوە.

سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڤەنزوێلاش ترەمپ ڕایگەیاند، ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە ئەگەرێکە لەبەردەستدایە، بەڵام ڕەتیکردەوە هیچ زانیارییەکی دیکە لەوبارەیەوە ئاشکرابکات.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووە باسوخواسێکی فراوان، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاریدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا بکێشێتەوە.


PM:06:54:03/02/2019