بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ کۆدەبنەوە

لە چوارچێوەی بەرەو پێشچوونی پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی، بڕیارە سبەی پێنج شەممە ٧ی شوبات، بارزانی  سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی لە پیرمام کۆببنەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" بڕیارە سبەی پێنج شەممە  مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ لە پیرمام کۆببنەوە".

بەپێی ئەو زانیارنەی دەست سپی کەوتووە پرسی رێککەوتنی ٥ ی شوباتی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک یەكێک دەبێت لە تەوەری کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ.

هەروەها پرسی پەیوەندی نێوان بەغداو هەرێم و ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان یەکێک دەبێت لە پرسەکانی تری نێوان سەرۆکی پارتی و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی کە لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٨ ەوە بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ کۆنەبوونەتەوە.


 



PM:11:29:06/02/2019