کۆسرەت رەسوڵ رێگە نادات ئەندامانی باڵای حزبەکەی لێدوانی رۆژنامەوانی بدەن

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی لە پێناو تێکنەچونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی داوایەک ئاڕاستەی پەرپسانی باڵای حزبەکەی دەکات.

سەرچاوەیەک بە سپی راگەیاند، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بە نوسراوێکی فەرمی داوای لە سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەی کردووە تــا (١٨ی مانگ) لێدوانی ڕۆژنامەوانی بۆ دەستگاکانی ڕاگەیاندن نەدەن بەتایبەت لەسەر پارتی،

سەرچاوەکە لەبارەی هۆکاری راگرتنی لێدوان لەلایەن بەرپرسانی یەکێتییەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، مەبەستی جێگری سکرتێری گشتی بۆ ئەوەیە تا ڕەوتی ڕێککەوتنەکەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت تێکنەچێت.

 لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکانی بەغداد گرژی تێکەوت، بەڵام لە ئێستادا ئەو دوو حزبە لە هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان دان و سەرقاڵی رێکەوتنێکی سیاسی هاوبەشن بۆ داڕشتنی بەرنامەی چوار ساڵی داهاتویان لەحکومەتی هەرێم و بەغداد.




PM:09:03:10/02/2019