هۆشیار عەبدوڵا: یەکێتی باجی ئەو تەزویرە دەدات کە لە گۆڕانی کرد

هۆشیار عەبدوڵا ڕەخنە لە سیاسەتەکانی یەکێتی لە بەرامبەر گۆڕان دەگرێت و دەڵێت "یەکێتی باجی ئەو تەزویرە دەدات کە لە گۆڕانی کرد و پەلاماری گردەکەیدا".

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕەخنەی توند لە یەکێتی دەگرێت و دەڵێت "یەکێتی ئیعتراف بکات یان نا ئێستا باجی ئەو تەزوویرە دەدات کە لە هەڵبژاردنەکان لە گۆڕانی کرد و پەلاماری گردەکەیدا".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "لەکاتێکدا لەنێوان گۆڕان و یەکێتی ڕێککەوتن هەبوو باشترین پەیوەندی هەبوو، لەدوای نەوشیروان موستەفاوە یەکێتی مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ گۆڕاندا ناکات، هەر ئەوەشە ئێستا باجەکەی ئەدات".

جەخیش لەوە دەکاتەوە "پەلاماردانی گردی زەرگەتە و تەزویر لێکردن تا رادەی سڕینەوەی گۆڕان، شتێک نیە ئاسان بیر بچێتەوە بە تایبەت کە یەکێتی لە هیچ شتێکا نیەت باشیی خۆی بەرامبەر گۆڕان نیشان نادات، بۆ نمونە جگە لە یەکێتی هەمو فراکسێۆنەکانی تری بەغداد بێ جیاوازی پشتیوانی ئەوەن وەزارەتی داد بۆ گۆڕان بێت بەڵام یەکێتی لە کاتێکدا دەیان پۆستی لە بەغداد هەیە ئامادەنیە وەک فراکسێۆنەکانی تر دەست لەوەزارەتی داد هەڵبگرێت بۆ گۆڕان".


PM:02:22:14/02/2019