" پارتی لای کۆسرەت رەسوڵ بەدەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە "

ماڵپەڕی خەندانی نزیک بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بڵاویکردەوە" وەفدەکەی پارتی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ، بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە".

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵا کە بەو ماڵپەڕەی راگەیاندووە وەفدەکەی یەکێتی پێکهاتبوون لە (کۆسرەت رەسوڵ عەلی، عیماد ئەحمەد، ئاسۆ ئەڵمانی، شۆڕش ئیسماعیل، عەدنانی حەمەی مینا، بافل تاڵەبانی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئیسماعیل مەحمود).
هەروەها هاتووە،ئەمڕۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە رێگەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆچونی کۆتایی گەیاندوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان و پێی راگەیاندوە کە هەتا رێککەوتن لەسەر پرۆژەکەی یەکێتی بۆ پۆستەکانی هەرێم و کەرکوک و بەغداد بەیەک پاکێجی ئەنجام نەدرێت کە خزمەت بە ئایندەی پرۆسەی سیاسی هەرێم و هاوڵاتیانی کوردستان دەکات یەکێتی بەشداریی دانیشتنەکە ناکات.
 
ئەو سەرچاوەیەی خەندان راشیگەیاند، سەردانەکەی ئەمشەوی رۆژ نوری شاوەیس بۆ لای کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بەمەبەستی رازیکردنی یەکێتی بوە، تا بەشداری دانیشتنەکەی ١٨ ی مانگ بکات، بەڵام جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و تەواوی بەرپرسانی باڵای یەکێتی بۆچونیان بۆچونێکی نەگۆڕ بوە و بۆچونی سەرکردایەتی حزبەکەیانە بوە، بە وەفدەکەی پارتیان وتوە ئەگەر پارتی ئامادە نەبێت لەسەر یەک پاکێجی بۆ پرسەکانی هەرێم و کەرکوک و بەغداد رێکبکەوێت، پێناچێت یەکێتی بەشداری دانیشتنەکەی ١٨ ی شوباتی پەرلەمانی کوردستان بکات، بۆیە شاندەکەی پارتی بە دەستی خاڵی گەڕاونەتەوە.





PM:11:30:16/02/2019