سەرۆکی سودان حكومه‌تی وڵاتەکەی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌

سەرۆکی سودان بەهۆی بەردەوامبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، حکومەتی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوەو بۆ ماوەی ساڵێکیش باری نائاسایی لەسەرانسەری سودان راگەیاند.

شەوی رابردوو عومەر حەسەن بەشیر سەرۆکی سودان رایگەیاند، "ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ماوەی ساڵێک ڕادەگەیەنم، و حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی و حکومەتی ویلایەتەکانیش هەڵدەوەشێنرێتەوە".

لە درێژەی وتارەکەیدا کە لە یەکێک لە کەناڵەکانی ئەو وڵاتە پەخشکرا عومەر حەسەن بەشیر بەردەوامبونی خۆشی لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی راگیاند و وتی ،"بەیەک دووری دەوەستم لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان"، کەمەبەست لێی دەستبەرداربوونیەتی لە سەرۆکایەتی حزبی کۆنگرەی دەسەڵاتدار. 

هەروەها داواشی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد، سەیرکردنی هەموارە دەستورییەکان دوابخات و بەڵێنی ئەوەشی دا چەند ڕێوشوێنێکی ئابوری بەپەلە بگرێتە بەر.

سەرۆکی سودان داواشی لە سەرجەم لایەنەکان کرد وەک پاراستنی ئارامی و ئاسایش و دڵنیایی سەیری هێزە چەکدارەکانی سودان بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە لە سودان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری لە لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و کەلوپەلەکان و کەمی خستنەرووی دراوی سودانی بەردەوامە، بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیش هێزە ئەمنیەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە، کە تا ئێستا بەهۆیەوە ٣٢ کەس کوژراون سێ کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون.



AM:09:55:23/02/2019