موچەی بەشێک لە کەمئەندامانی سەنگەر کەمدەکرێتەوە

جێگیری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی پێشمەرگەو كەمئەندامانی سەنگەر لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند،80%ی پشكنینی کەمئەندامانی سەنگەر تەواو بووەو ئەوانەی لە پشکنین دەرنەجوون موچەکانیان کەمدەکرێتەوە.

فەتحوڵڵا سوسێی، جێگیری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی پێشمەرگەو كەمئەندامانی سەنگەر لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پشكنینی كەمئەندامانی سەنگەر بەردەوامەو 80%یان پشکنینەکان تەواو بووە، تەنیا موتەفەریقەكان و ئەوانە ماون كە لەدەرەوەی هەرێمن.

ئاماژەی بەوەشکرد "لەكۆی هەشت هەزار كەمئەندامی سەنگەر، 25% بۆ 30%یان دەرنەچوون، كە ژمارەكەیان نزیكەی دوو هەزار كەس دەبێت، کە بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 38ی ساڵی 2007، خانەنشین دەكرێن، ئەوانەشی خانەنشین نایانگرێتەوە، دەگەڕێنەوە سەر وەزیفەكانیان".

 فەتحوڵڵا سوسێی بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی ئاشکراشێکرد، بەدڵنیاییەوە گۆڕانكاری لەموچەكانیان روودەدات و بەراورد بەموچەی كەمئەندامی سەنگەر، موچەكانیان كەمدەبێتەوە.

جێگیری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی پێشمەرگەو كەمئەندامانی سەنگەر لەوەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند فەرمانی چاككردنی موچەی هەندێك لەكەمئەندامانی سەنگەر گەڕاوەتەوە، بەڵام دەمانەوێت هەموویان بەیەكەوە موچەكانیان چاك بكەن".


PM:11:56:24/02/2019