یەکێتی سەرلەنوێ نوێنەرایەتی لە تورکیا دەکاتەوە

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە هەوڵدایە نوێنەرایەتییەكەی سەرلەنوی لە توركیا بكاتەوە و بە وتەی بەرپرسێكی ئەو حزبەش توركیا ڕەزامەندیی لەسەر كردنەوەی ئەو نوێنەرایەتییە دەربڕیوە.

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی بە ژمارەی ئەمرۆی رۆژنامەی "ئاژانس"ی نزیک ئەو حیزبەی وتووە ״گرژیی نێوان توركیا و یەكێتیی نەماوە، كار لەسەر گەڕانەوەی نوێنەرایەتییەكەمان بۆ توركیا كراوە.״

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت״چەندین دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كراوە و لە سەردانەكەیدا د.بەرهەم ساڵح بۆ توركیا باسی ئەو پرسە كراوە و سەرۆككۆمار لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی توركیا باسی لە كردنەوەی نوێنەرایەتییەكەی یەكێتیی كردووە و ڕەزامەندی هەیە لەوبارەیەوە.״

نوێنەرایەتیی یەكێتیی لە توركیا كە بەهرۆز گەڵاڵی بەڕێوەی دەبات، لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن توركیاوە داخرا ئەوەش دوای ئەوەی توركیا بە پەیوەندییەكانی یەكێتیی لەگەڵ پارتی یەكێتیی دیموكرات ״پەیەدە״ و ڕۆژئاوای كوردستان نیگەران بوو.

ئەو رۆژنامەیە لەزاری بەرپرسێکەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە دەڵێت: ״كردنەوەی نوێنەرایەتییەكەمان بەشێكی پەیوەندیی بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی توركیاوە هەیە و بەشێكیشی پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە ئێمە كەی ئامادەی كردنەوەی نوێنەرایەتییەكەمان دەبین.״



PM:08:00:27/02/2019