مەترسی گرتنەوەی ئاو لەهەرێم دەکرێت

دەربارەی مەترسیەکانی گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران بەڕوی خاکی ھەرێم، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێم ڕونکردنەوە ده‌دات و رایده‌گه‌نه‌نێت "ئەمساڵ ھەمان مەترسی گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە بەڕوی خاکی ھەرێم ھەیە".

ئەکرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "لەماوەی دوساڵی ڕابردوداو لەوەرزی ھاویندا، ئێران سەرچاوە ئاوییەکانی بەڕوی خاکی ھەرێمدا گرتۆتەوە، بۆیە ئەمساڵیش ھەمان ئەو مەترسیە ھەیە کە تاران ھەمان ھەنگاو بەرامبەر ھەرێم بگرێتەبەرو سەرچاوە ئاوییەکانی لەوەرزی ھاویندا بەڕوی ھەرێمدا وشک بکات".

لەبارەی مەترسیەکانی ھەر ھەنگاوێک ئێران لەسەر ناوچەکانی ھەرێم بەتایبەتی، ئەکرەم ئەحمەد بۆ تۆری هه‌واڵی سلێمانی ئاشکرایکرد، "ئەگەر ئەمساڵیش ئێران ئەو ھەنگاوە بنێت، کێشە بۆ دانیشتوانی قەڵادزێ دروستدەبێت، بەڵام دەتوانرێت بەشێوەی کاتی چارەسەری لەلایەن شارەوانی قەڵادزێوە بۆ بکرێت، ئەگەرچی ئەوەش مانای ئەوەنییە کێشەکە بەیەکجاریی چارەسەربکرێت".

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی ھەرێم جەختیکردەوە، "ئەمساڵیش ئەو مەترسیەی ئێران لەسەر ھەرێم ھەر ھەیە، بەڵام ئەوەندەی دەزانین تائێستا ئەو وڵاتە بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ بەرگرتن لەھەر ھەنگاوێکی لەو شێوەیە بەرامبەر ھەرێم"



PM:11:30:09/03/2019