"سپی" وێنەو ناسنامەی سەرۆک باندی روداوەکەی نەخۆشخانەی شار بڵاودەکاتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٣ی ئازار ‌هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئەو کەسانەیان دەستگیر کرد، کە پارەکەی نەخۆشخانەی شاریان دزیبوو، هاوکات دەستبەسەر ئۆتۆمبیل و پارەکەشدا گیرا، سپی-ش وێنەو ناسنامەی سەرۆک باندەکە ئاشکرا دەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست سپی کەوتون، سەرۆکی ئەو باندەی کە دوێنێ سێشەممە ١٢ی ئازاری ٢٠١٩، بە هاوکاری ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە هەڵیان کوتایە سەر ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لە بانکێکەوە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرتبوو و، دواتر پارەیەکان بە ئۆتۆمبێلەکەوە رفاند، خەڵکی ناوچەی هەورامانەو دانیشتووی شاری سڵیمانییە.
21102000.jpg

لە زانیارییەکاندا داهاتووە، ئەو سەرۆک باندە ناوی (س.ر)ەو ماوەی چەندینجار لەسەر تاوانی جیاواز و دزیکردن دەستگیرکراوە، بەڵام دواجار بە لێبوردنی گشتی ئازادکراوە، کە لە رۆژی 17ی كانونی یەكەمی2017، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بەبڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم پەسەندکرا.

ئەو سەرۆک باندە لە تۆڕی کۆمەڵایاتی فەیسبووک کەسێکی چالاک بووەو چەندین پۆستی جۆراوجۆری کردووە، لە دوا پۆستیشیدا کە لە رۆژی ١٦ی شوباتی ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوەو وێنەیەکی خۆی داناوەو نوسیویەتی، "ریزم بؤ هه موولايه ك هه رباشبن"، ئەو وێنەیەش زیاتر لە یەک هەزار لایک و کۆمێنتی بۆ هاتووە.
هەروەها لە پۆستێکی دیکەیدا وێنەیەکی دیکەی خۆی داناوەو نوسیوەتی" سوپاس بۆ خوا دوای شەش ساڵ ئازادکراین"، بەمەش دەردەکەوێت کە ناوبراو بەشێکی زۆری ژیانی لە زیندان بەسەر بردووە.

ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسانە گروپێکن و ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە لەسەدا 80 یان، کۆنە پیاو کوژ و دز و چەتەن و هەمووی لە زینداندا سزادراون و لە وێوە یەکتریان ناسیوە. 

وتیشی،" یەکێک لەو کەسانە کە سەرۆکی باندەکەیە ماڵیان نزیکی ئەو بانکەی پارە وەرگرتنەکە بوە، توانیویەتی کۆنە زیندانییەکی دیکە ئیستیغلال بکات کە بە ناڕاستەوخۆ کەسێکی لەو لیژنانە هەبوە توانیویەتی زانیاری لێوەربگرێت و 10 رۆژ پێش ئەوە پلانی بۆ دانراوە بە رێکخراوی کردویانە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی 
ئەوەشی خستەڕو، "سەرۆکی باندەکە، چەندین تاوانی دیکەی ئەنجامداوە و کۆتا کەسی باندەکە ئەم بەیانییە دەستگیرکرا.

سپی لەبەر ئیتیکی رۆژنامەوانی وێنەی سەرۆکباندەکەی بە شێواوی بڵاوکردەوە، بەهۆی ئەوەی تاوەو ئیستا ناوبراو تۆمەتبارەو و بڕیاری تاوانباربوونی بۆ دەرنەچووە.



AM:11:19:13/03/2019