بەركەوتوییەكی دیكەی كیمیابارانی هەڵەبجە گیانی لەدەستدا

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بەركەوتوییەكی دیكەی كیمیابارانی هەڵەبجە گیانی لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" هاتووە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە "دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ كاریگەرییەكانی كیمیاباران لەسەر جەستەی، ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئازاری 2019، بەركەوتوویەكی چەكی كیمایی بە ناوی كوبرا عەبدوڵڵا بارام‌ گیانی لەدەستدا.

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەیان بەوەشكردووە "بە گیانلەدەستدانی ئەو بریندارە، ژمارەی ئەو بەركەوتووانەی لەپاش كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە لەچاوەڕوانی چارەسەردا و بەكاریگەریی چەكی كیمیایی گیانیان لەدەستداوە، بۆ 109 كەس بەرزدەبێتەوە".

لە 16ی ئازاری 1988 لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، بە چەكی كیمیایی بۆردومانی هەڵەبجەكراو، 5هەزار كەس بوونە قوربانی، زیاتر لە 10 هەزار كەسیش برینداربوون تا ئێستاش برینداران و بەركەوتووانی ئەو چەكە لە دۆخێكی خراپدا دەژین و زۆربەیان بێچارەسەر ماونەتەوە.



PM:03:20:18/03/2019