پەرلەمانتارێک مەترسی خۆی لە بڕینی مووچەی هەرێم لەبەغداوە ئاشکرا دەکات

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات مەترسی مووچە بڕین و پشکی هەرێمە لە بودجەی عێراق هەیە.

بلێسە جەبار فەرمان پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی " ئەم شەرە تەنیا بەئێمە ناکرێ" ، نووسیوویەتی "‎ماوەی 3 مانگە حکومەتی عراق موچەو بوجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بێ ئەوەی لە بەرانبەردا یەک تەنەکە نەوت ڕادەستی سۆمۆ کرابێت".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "‎ڕۆژانە لەناو پەرلەمان و لە لیژنەی پەیوەندیدار رووبەرووی رەخنەی توندی نوێنەرانی پارێزگاکانی تردەبینەوەو بیر لە کاردانەوەو بەرپەچدانەوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم دەکرێتەوە کە دووبارە راگرتنی موچەش لەخۆدەگرێت".

هەروەها نووسیوویەتی " ‎لە بوجەی 2019 دا هاتووە کە هەرێم دەبێت رۆژانە 250.000 بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات و هەرێم نیازی پابەندبوونی نیە. ‎ڕاستە کە موچەی فەرمانبەران بە برگەیەکی جیاواز لە ناو بوجەدا جێکراوەتەوە, بەڵام هەموو دەبێت ئەو راستیە بزانن کەئەوەش قابیلی ئاڵوگوڕەو بەهانە هەیە کە رابگیرێت. ‎ئەگەر هاتو واژوی بۆ کۆکرایەوە، دەتوانرێت دووبارە بهێنرێتەوە ناو پەرلەمان و ئاڵۆگۆر بەسەر ئەو برگەیەدا بهێنن و رایبگرن."

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی پێیوایە شێوازی تر هەیە بۆ شەرعیەتدان بە راگرتنی پشکی هەرێم و ئینجا هەم پاشەکەوت و بڕین و کەمکردنی موچەی فەرمانبەرو موچەخۆران دێتەوە ناوان.

ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ‎ئەوەی کە دەیەوێت بیڵێت ئەوەیە " ئێمە بە ئەرکی سەر شانی خۆمان هەستاوین لە شەڕی مافی هاوڵاتیانی هەرێم و لەداکۆکی لێکرنیان بەردەوام دەبین, بەڵام ئەم شەڕە تەنها بە ئێمەی نوێنەران ناکرێت و بەبێ پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە بڕیارەکانەوە لەم شەڕەدا سەرکەوتوو نابین و بەوەش قەیرانەکانی هەرێم و بێ موچەیی بەردەوامی دەبێت".

لە کۆتاییدا نووسیوویەتی" ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی کێ دەبێ و کێ سودمەندو کێش زیانمەند دەبێ؟ ئەمە پرسیارەکەیە پابەند بوون بەیاسای بودجە واتە بەردەوامی لە لابردنی پاشەکەوتی مووچەو هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان. مل نەدان بۆ یاسای بودجە واتە گەڕانەوەی پاشەکەوت".




PM:04:59:25/03/2019