مەسعود بارزانی: بە راشکاوانە دەیڵێم، لەمڕۆوە یەک چرکەساتی دیکە چاوەڕێ ناکەین

مەسعود بارزانی رایگەیاند، چاوەڕوانی کۆتایی هاتوە و پەرلەمانی کوردستان دەستدەکات بە رێوشوێنی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی وتارێکیدا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، "کردنەوەی پێشانگای کتێب ساڵانە لە هەولێر جێگای شانازییە و هەولێریش شانازی بەم پێشانگایە دەکات".

بارزانی لەبارەی دواکەوتنی کابینەی نۆیەکی حکومەتی هەرێم وتی "زۆر ئاراممان گرت و دەرفەتی زۆرمان دا بە هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی حکومەت لە هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن پێکبێت، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێک ناکرێت چاوەڕێ بکەین و هیچ پاساوێکیش نییە".

 سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتیشی، "کاتی چاوەڕوانی کۆتایی هاتوە و پەرلەمان دەستدەکات بە رێوشوێنی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و راسپاردنی سەرۆک وەزیران، هیواخوازین حکومەت لەلایەن هەموو لایەنەکان پێکبێت، بەڵام بە راشکاوانە دەڵێم لەمڕۆوە یەک چرکە ساتی دیکە چاوەڕێ ناکەین".
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش ئاماژەی بەوەكرد،  پێشێلکردنی دەستوور زۆر هەلی باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای لەناو برد، بەڵام ئێستا کەشوهەوایەکی نوێ هەیە تاکو بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین.هەلێک هەیە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
 
سەرۆكی پارتی جەختی لەوەشكردەوە، هەولێر بە تەواوی پشتگیری لە هەوڵەکانی عادل عەبدولمەهدی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
 
لە بارەی کێشەکانی شاری مووسڵ بارزانی باسی لەوەکرد، کاتی خۆی وتم کە قۆناغی دوای ئازادکردنی شاری مووسڵ، سەختر دەبێت و دەبێت باسی لێوە بکرێت، بەڵام هێزە عێراقییەکان پێشێلیانکرد.

وتیشی"ئەو هێزانەی ئێستا لە مووسڵن، ئەو پارەیەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە تەرخان کرا، لەناو خۆیان بەشیان کرد، روودانی کارەساتی نقووم بوونی بەلەمەکەی مووسڵیش دەرەئەنجامی ئەو جۆرە گەندەڵییەن".
 
لەبارەی داعشەوە بارزانی وتی، "مەترسی داعش کۆتایی نەهاتووە و ئێستا داعش مەترسییەکی جدییە لەسەر خەڵک چونکە ئەو هۆکارانەی داعشییان دروست کرد، لە عێراقدا ماون".
 
 



AM:11:35:03/04/2019