فازڵ میرانی: دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دانانرێت

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە كابینەی نوێی حكومەتدا دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دانانرێت.

فازڵ میرانی بە میدیای حزبەكەی راگەیاند، پێدەچێت جێگر و یاریدەدەرێك بۆ سەرۆكی هەرێم دابنرێت و دوو جێگری نابێت و دەڵێت "ئەوەی گرنگە رێككەوتنی پارتی و یەكێتییە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و لای ئەوان پۆست گرنگ نییە".

ئەم لێدوانەی فازڵ میرانی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە هات كە جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم دادەنرێت و ئەو پۆستەش بە یەكێتی نیشتمانی دەدرێت.

هەفتەی رابردوو دوای ١٣ كۆبوونەوە لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بەرپرسانی یەكێتی و پارتی رێككەوتنی نێوانیان راگەیاند و بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا رێككەوتنەكەیان واژۆ بكەن.



PM:12:53:07/04/2019