دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن لەگەڵ شاندێكی كونسوڵگه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌ولێر رێککەوتن لەسەر شێوازێكی نوێی پێدانی ڤیزای كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ ووردەکاری چۆنیەتی وەرگرتنی فیزا خرایەڕوو.
ته‌ها مسته‌فا ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ی هه‌ولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگه‌یاند بەپێی رێککەوتنەکە له قۆناغی یه‌كه‌مدا هاووڵاتیان له هه‌ولێر، له مانگی داهاتووه‌وه ده‌توانن له رێگای نووسینگه‌كانی پۆسته‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن داواكاری وه‌رگرتنی ڤیزا پێشكه‌ش بكه‌ن و وه‌ریبگرنه‌وه.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، له ئێستادا 43 نووسینگه‌ی پۆسته له سنووری پارێزگای هه‌ولێر كارده‌كه‌ن و له‌رێگای سیستمی ئۆنلاین له‌گه‌ڵ كونسوڵگه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی ڤیزا ئه‌نجامده‌درێت، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه ڤیزای ئێران له پاسپۆرتی هاووڵاتیانی هه‌رێم نادرێت و ته‌نها كۆدی ڤیزاكه‌یان پێده‌درێت، بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ی هاووڵاتی له ڤیزاكه‌ی وێنه‌یه‌كی له نووسینگه‌كانی پۆسته بۆ پرنت ده‌كرێت و پێی ده‌درێت.
سەبارەت بەو نەخۆشانەی سەردانی ئێران دەکەن وتی، لەلایەن كونسوڵخانه پزیشكی پسپۆڕیان بۆ دیاری ده‌كرێت و كارتی تایبه‌تیان پێده‌درێت بۆ ئەوەی وەرگێڕەکان پارەی زیادیان لێ وەرنەگرن و بۆ گەشتیارانیش دەتوانن کار ئاسانییان بۆ بکەین.