عەبدوڵای کوێخا موبارەک: بەرپرسەكانی گۆڕان دەبێت لە پارتی و یەكێتی بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بەقسەیان بکەن

ئەندامێکی دەستلەکارکێشاوەی بزوتنەوەی گۆران پێی وایە بەرپرسەكانی گۆڕان لەحكومەت سبه‌ی هەر فرمانێكیان دەركرد لەبەرپرسەكانی پارتی و یەكێتی بپاڕێتەوە بڵێ توخوا بەقسەم بكەن.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک ئه‌ندامی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هەڵسوراوێکی دیاری ئەو بزوتنەوەیە بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند "پارتی ڕازی بووە بە داواکاریی یەکێتی بۆ دانانی  دوو جێگری بۆ سەرۆکی هەرێم بۆیە ئێستا هەوڵدەدات گۆڕان ڕازی بکات بەو داواکاریەی یەکێتی، چونکە یەکێتی بۆ پارتی گرنگترە لە گۆڕان، پارتی و یەکێتی بەهۆی بونی بەرژەوەندی هاوبەشەوە قەت ناتوانن دەستبەرداری یەکتر بن".

دەشلێت "دەبێت وەک خۆمان بزوتنەوەی گۆڕان هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبین کە پۆستی زیادە دابتاشرێت لەم وڵاتە لەبەر سێ هۆکار، هۆکاری یەکەم ئەوەیە پێشتر ڕێککەوتن لەگەڵ گۆڕان کراو لەسەر ئەو پۆستە، دووەم هۆکار ئەوەیە کە ئێمە وەک گۆڕان هەمیشە باسی بەدامەزراوەیی و سیستەم دەکەین لەکوردستاندا ناکرێت ئێمە بەدڵی خۆمان یا لەبەر دڵی لایەنی تر پۆست دابتاشین، وەخاڵی سێیەم، ئێـە لەم کاتەدا کەتوشی قەیرانی دارایی بکەین هەر پۆستێک دابنێین بەملیۆنەها دۆلار خەرجی دەبێت بەزیایە دەڕوات هیچ سودێکی نیە، من لەگەڵ ئەوەدام بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر دەستی لەم پۆستە هەڵگرتووە باشترە وەک لەوەی ڕازی بێت بە دوو جێگری".

لە بارەی بەوتەکانی شێخ جەعفەر کە وتوبوی "ئەگەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم کەسێک لە گۆڕان وەریبگرێت و ببێتە بەرپرسی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، ئەوا من بەهیچ جۆرێک وه‌ك هێزی حه‌فتا گوێی لێ  ناگرم، عەبدوڵای کوێخا موبارەک دەلیت"ئەمە بەتەنها شێخ جەعفەر نیە، ئێمە کەدژی ئەوەبوین گۆڕان بچێتە حکومەتەوە لەبەر بونی ئەم جۆرە عەقڵیەتانە بووە وە ئێستاش کە ئەو سەرکردایەتیەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری چونە حکومەتی داوە دەبێت خۆیان چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزنەوە بەڵام من بڕوام وایە نەک هەر شێخ جەعفەر بەڵکو هیچ بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی پابەند نابێت وەکو یاسا و دەستور بە بڕیارەکانی به‌رپرسه‌كانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە حکومەتدا ناتوانم ئەوەیان ببینم".

ئاماژەی بەوەشکردووە" بەرپرسەکانی گۆڕان لەناو حکومەت ئەگەر هەر فه‌رمانێک دەربکەن هیچ بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی گوێی لێ ناگرن و بەرپرسەکانی گۆڕان لە حکومەت دەبێت هەر فرمانێکیان دەرکرد سبەی لە بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی بپاڕێتەوە بڵێ "توخوا بەقسەم بکەن" تا بەقسەی بکات فرمانە ئیداریەکەی جێ بەجێ بکات، چونکە هیچ دەسەڵاتێکی تری نابێت".

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆران ئاشکرایکردوە "بزوتنەوەی گۆڕان فشارێکی زۆری لەسەر بوو لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بەشێوەیەکی زۆر "نائاکاریانە" پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان درا هه‌وڵی ده‌دا سزای گۆڕان بدات، پۆسته‌كانی قۆرخ بكات ئەوەش هۆکارێک بوو کەبەشێک لەسەرکردایەتی گۆڕان بڕیاریدا بەناچاری بچنە ژێر باڵی پارتی کە ئەو ڕاستیانە-شیان دەزانی، من ئەوە بە نەشیاو دەزانم دەکرا لەدەرەوە بەربەرەکانێی یەکێتی یا هەرلایەنێکمان بکردایە زۆر باشتر بوو ئێمە "تەسلیم" بەو واقیعە نەشیاو و نایاسییەی هەرێمی کوردستان بوینایە".

باسی لەوەشکردووە "کاک نەوشیروان دوێنێ کۆچی دوایی کردووە زۆر دور نیە بیرمان نەبێت، ئەگەر کاک نەوشیروان بمایە بزوتنەوەی گۆڕانی هەڵدەوەشاندەوە بەس بەم شێوازە تەسلیم بەو واقیعە نەدەبوو بەشداری حکومەتی نەدەکرد".

دەربارەی ئەوەی کە لەپێنج ساڵی رابردوشدا نەوشیروان مستەفا ریکخەری کۆچکردوی بزوتنەوەکە رێککەوتنی لەگەڵ پارتی و یەکێتیی کردبو بۆ چونە ناو حکومەت ناوبراو وتویەتی "ئه‌گه‌ر نه‌بێته‌ قسه‌یه‌ك له‌سه‌رمان جاری پێشوو هه‌ڵه‌یه‌كیان پێیكرد كه‌ به‌دڵی نه‌بوو، به‌ناچاری ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی "فریوییاندا كه‌به‌شدار بێت له‌حكومه‌ت هه‌ر له‌یه‌كه‌م سات-یشه‌وه‌ بڕوای پێی نه‌بوو و وە زۆرێك له‌و براده‌رانه‌ی ئێستا خۆیان به‌ خاوه‌نی گۆڕان ده‌زانن و بڕیاریان به‌ده‌سته‌، ده‌وروبه‌ری كاك نه‌وشیروان له‌ 80% ی ببووه‌ خه‌ڵكی به‌رژه‌وه‌ندی خواز، خۆ له‌ ده‌ كه‌س ئه‌گه‌ر هه‌شتی یه‌ك قسه‌بن ئه‌گه‌ر بڕواشی نه‌بێت ده‌بێت به‌ناچاری قسه‌ی زۆرینه‌ بێت".

هەڵسوراوەکەی گۆڕان بەرپرسانی بزوتنەوەکەشی تۆمەتبارکردوە بە وتە هەڵبەستن بۆ نەوشیروان مستەفا و وتویەتی "ناکرێت کەس ناوی کاک نەوشیروان بۆ شتی ئەملاو لا و بەشداری کردن لەحکومەت بەکاربێنێ کاک نەوشیروان پڕۆژەیەکی جوانی بۆ بەجێ هێشتوین و  ."
زۆربەی ئەوکارانەی دەیکەن "ئەملاو لان" من زۆر سەرکردەی گۆڕان دەناسم کاتێک کاک نەوشیروان مابوو هەر "جورئەتیان "نەبوو لەبەردەم "کاک نەوشیروان "دابنیشن ئێستا دەڵێ کاک نەوشیروان وای وت و وای پێ وتین و وایکرد و وامەکەن."

لەکۆتایی وتەکانیدا عەبدوڵای کوێخا موبارەک ئەوەی وتوە کە "بەو شێوازەی برادەرانی ئێستای ئێمە خۆیان لەپارتی نزیکردۆتەوە ، پێشبینی دەکەم دەریشیان بکەن نەڕۆن لەحکومەت هەر لەلایان بن و پارتی دواجار یەکێتی هەڵدەبژێرێت بەسەر گۆڕاندا، وە گۆڕانیش چی لێ بەسەر دێت بەس خوا ئەزانێت".


AM:10:53:16/04/2019