سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان متمانە وەرناگرن

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان متمانە وەرناگرن، بەڵكو بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێیدراوە، سەرۆكی هەرێم جێگرەكانی دیاری دەكات.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوێنێ هێزە سەرەكیەكان (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بۆ پێكهێنانی حكومەت رێكەوتنی كۆتاییان ئەنجامداوە، هەنگاوەكانی كرداری دەستی پێكردوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی راشیگەیاند، "پێشتر گفتوگۆی پێویست لەسەر ماددە بە ماددەی پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوە، بۆیە تەنها دەنگدان بەڕێوەدەچێت، دواتر لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە واژۆی لەسەر دەكرێت".

ئومێد خۆشناو رونیكردەوە، دوای ئەوە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەو كەسانە دەكرێتەوە كە سیڤی پێشكەش دەكەن بۆ كاندیدبون بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی عەمەلەی دەستپێدەكات، دواتریش ئەو ناوانەی مەرجەكانیان تیادایە رادەگەیەندرێت و ماوەی چەند رۆژێك دەرفەت دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو كەسانە تانە بگرن، دوای راگەیاندنی ئەنجامی تانەكان سەرۆكی پەرلەمان كۆبونەوەیەكی دیكە رادەگەیەنێت و متمانە بە سەرۆكی هەرێم دەدرێت.

خۆشناو ئەوەشی خستەڕو، "وەكو فراكسیۆنی زۆرینە و براوەی هەڵبژاردن ناوزەندی سەرۆك وەزیران دەكەین كەسی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی بۆ سەرۆك وەزیران پێشكەش دەكەین، دوای ئەوە مەرسوم دەردەچێت لەلایەن سەرۆكی هەرێم رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، كە ماوەی 30 رۆژی لەبەردەم دەبێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان، بە دڵنیایەوە 30 رۆژی كەمتری پێویستە لەبەرئەوەی ئامادەكاریەكان كراوە لەو رێكەوتنە سیاسیانەی ئەنجام دراون".
تا ئێستا فراكسیۆنی یەكێتی كاندیدی پێشكەش نەكردوە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

لەبارەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە پشكی یەكێتییەوە ئومێد خۆشناو وتی، "تا ئێستا فراكسیۆنی یەكێتی كاندیدی پێشكەش نەكردوە، لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی پارتی و یەكێتی هەیانە رەنگدانەوەی لەسەر كارەكانی هەردو فراكسیۆن دەبێت، وەك پارتی پابەندین بەهەمو رێككەوتنێك لەگەڵ هەر لایەنێك ئەنجاممان دابێت، هەركاتێك فراكسیۆنی یەكێتی كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش كرد دەنگی پێدەدەین و پشتگیری لە كاندیدەكەیان دەكەین".
 
لەبارەی دیاریكردنی جێگرانی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان ئومێد خۆشناو دەڵێت، لە یاساكە هاتوە جێگرانی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان متمانە وەرناگرن، سەرۆكی هەرێم دوای ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد دەسەڵاتی خۆی بەكاردەهێنێت و جێگرەكانی دیاری دەكات، لە خولەكانی رابردوشدا سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی رادەسپێردران بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش هەموار كراوەتەوە و ئێستا تەنها سەرۆك وەزیران رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت.



PM:01:19:06/05/2019