لیژنەكانی قائیمقامیەت ئارایشتگایەكیان داخست

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئارایشتگایەكیان داخست، بە وتەی سەرۆكی لیژنەی ئارایشتگاكانیش " پابەندی مەرجە تەندروستییەكان نەبووە".

گۆنا سەردار، سەرۆكی لیژنەی ئارایشتگاكانی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند "بەهۆی سەرپێچیكردن لە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، ئارایشتگای یەریڤان لە شاری سلێمانی دادەخرێت".

هەروەها ڕایگەیاندووە "لە كاتی سەردانی لیژنەكە دەركەوتووە ئارایشتگای یەریڤان لە گەڕەكی كانی سپیكە مۆڵەتی كاركردنی نیە و بەبێ مۆڵەت كاری كردووە، لەگەڵ نەبوونی مۆڵەتی تەندروستی و پابەند نەبوون بە مەرجە تەندروستیەكانەوە، بوونی دوو كاری جیاواز لە شوێنێكدا هۆكارێكی دیكەی داخستنی شوێنەكەیە كە ئارایشتگاكە لە یەك شوێن و كاتدا ئارایشتگا و شوێنی بەرگ دووریش بووە كە رێگەپێدراو نیە".

سەرۆكی لیژنەی ئارایشتگاكانی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد "بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی، ئارایشتگای یەریڤان دادەخرێت تا ئەوكاتەی پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن دەبێت".



AM:11:58:08/05/2019