عەلی حەمە ساڵح بۆ هاوڵاتیان: 45 کورسیتان نەدایە بە پارتی

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، با خەڵکی کوردستان 45 کورسی نەدایە بە پارتی، یان ئەوانەی بانگەشەی بایکۆتیان کرد و تا توانیان خەڵکیان سارکردەوە بچن بۆ دەنگدان.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رونکردنەوەی دەدات و دەڵێت، "ئەو یاسایەی تێپەڕی ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی پارتی و گۆڕان بو، کە ئەم رێکەوتنە لە 18ی شوبات واژۆکراوە بۆ ئەوکات هەموان دەیانوت رێککەوتنەکە باشەو گرنگ جێبەجێکردنیەتی، ئێمە دەزانین ئەوەی پەیوەستە بە سیستمی سیاسیەوە هەموو خواستەکانی ئێمە لەم رێککەوتنەدا جێگیر نەبوە، بەڵام بەشێکی گرنگی هەنگاوەکە کە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمە لە پەرلەمانەوە جێگیربوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دەکات، "بەپێی یاساکە چوار ساڵی خولی پەرلەمان تەواو دەبێت وادەی سەرۆکی هەرێم کۆتایی دێت و سەرۆکێکی تر دەستبەکاردەبێت، ئەمەش چەسپاندنی ئەو خواستەی ئێمەیە کە دەستاودەستی دەسەڵاتی دەکرێت، با خەڵکی کوردستان 45 کورسی نەدایە بە پارتی، یان ئەوانەی بانگەشەی بایکۆتیان کرد و تا توانیان خەڵکیان سارکردەوە بچن بۆ دەنگدان هۆکارێک بون بۆ ئەوەی پارتی 45 کورسی بێنێت، ئەمڕۆ دێن رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگرن".

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت، "بەدڵنیاییەوە ئەگەر پارتی 40 کورسی هەبوایە لە یەککاتدا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی بەرنەدەکەوت".

لەبارەی بونی مەرجی بڕوانامە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان عەلی حەمەساڵح رونیکردەوە، "ئەوەی تێپەڕێوە شتێکی تازە نیە، ئەوەی جێگەی داخە بەشێک لە هێزە ئیسلامیەکان یان ئەوانەی خۆیان بە مسوڵمان دادەنێت دێن چەواشەکاری دەکەن یان ئەتوانین بڵێین بەدیقەت درۆ دەکەن، چونکە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی مسوڵمان نابێت درۆ بکات".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئەوەشی خستەڕو، "پڕۆژەی هەرچوار حزبەکەی یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتو لە ساڵی 2015 دا هەرچواریان واژۆیان لەسەر راپۆرتی هاوبەش کردوە لە لیژنەی یاساییدا، لە هیچکام لە مەرجەکاندا مەرجی بڕوانامەیان دانەناوە، بۆ ئەوکاتە باسی بڕوانامەتان نەکرد؟، بەڵام ئێستا باسی دەکەن کە لە دەرەوەی معادەلەکەن".

وتیشی، "ئێمە بڕوامان بەوەیە سەرجەم پۆستەکان مەرجی بڕوانامەی هەبێت، وە بە سەرجەم پەرلەمانتارانی گۆڕانمان وتوە، لەم خاڵەکەدا هیچ ئیلتیزامێکی سیاسی نیە و ئازادن چۆن دەنگ دەدەن، بۆیە نۆ پەرلەمانتاری گۆڕان ئەمڕۆ دەنگی بەوەداوە کە سەرۆکی هەرێم پێویستە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت، تەنها سێ پەرلەمانتار دەنگی بەوە نەداوە، ئەویش لە بڕوایانەوە بوە نەک لە فشار".

عەلی حەمەساڵح وتی، "دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت چوارجار لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان زیاترە، هەریەکە لە پۆستەکانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی و دۆسیەی ئەمنی و هەموو فایلەکانی دیکە لای سەرۆکی حکومەتە، سەرۆکی حکومەت جێگرەکەی و وەزیرەکانیش مەرجی بڕوانامەیان نیە".


AM:09:24:09/05/2019