ناڕازییەکانی گۆڕان سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفایان کرد

‌وێنەکە: عوسمان حاجی مەحمود و سەلاح رەشید دوو هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان
هەرچەندە ئەمڕۆ ١٩ ی ئایار دووەمین ساڵیادی کۆچی دوای نەوشیروان مستەفایەو، مەراسیمی سەردانی بەرپرسانی فەرمی بۆ سەر مەزاری ئەو ئەنجامدەدرێت، بەلآم دوێنێ ژمارەیەک کادیری ناڕزای لە سیاسەتی ئێستای گۆڕان سەردانی مەزاری ناوبراویان لە گردی زەرگەتە کرد.

دوێنێ ١٨ ی ئایار هەریەک لە قادر حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود و چەند هەڵسوڕاوێکی دیار کە هەندێکیان دەستیان لە بزووتنەوەکە کێشاوەتەوەو هەندێکیشیان دانیشتوون وکار ناکەن، لە چەند کاتێکی جیاجیادا سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفایان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی کرد.

لەو سەردانانەدا ناڕازییەکانی گۆڕان کەسیان لە بەرپرسەکانی ئێستای گۆڕان نەبینی.

 لە دوای گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفاوە بەنەخۆشی لە ولآت بەریتانیاوە بۆ سلێمانی، رۆژی ١٩ ی ئایار لە گردی زەرگەتە لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کردو لەسەر وەسیەتی خۆی لە گردی زەرگەتە لە رۆژی ٢٠ ی ئایاردا لە ئاپۆڕایەکی گەورەی جەماوەریدا بەخاک سپێردرا.

لە دوای کۆچی دوای رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و، هەڵبژاردنی عومەری سەید عەلی بە رێکخەری گشتی نوێی بزووتنەوەکە، لە دوای ئەو مێژوەوە ناکۆکی قوڵ کەوتە نێوان سەرکردەو کادیرانی ناوەڕاستی ئەو بزووتنەوەیەو بەدەیان کەسایەتی دیاری ئەو بزووتنەوەیە لەسەر سیاسەتی و کاری رێکخراوەیی، لەکاری حیزبی دوورکەوتنەوە. 
 

AM:09:17:19/05/2019