سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ: شاسوار عەبدلواحید مانی لە خواردن گرتووە


سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، کازم فاروق ڕایگەیاند " شاسوارعەبدولواحید زیاتر لە ٦ ڕۆژە لە زیندانی تاکە کەسیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە و مانی لە خواردن گرتووە".

کازم فاروق  سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، "ئەمەی یەکێتی لە سلێمانی بەرامبەر بە سەرۆک و ئەندامانی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن دەیکات، سوکایەتیە بە هەموو بەهاکانی دیموکراسی و ناشرینکردن و لەکەدارکردنی ڕووی جوانی شاری سلێمانی یە، کە بە شاری ڕۆشنبیری و فرە دەنگو ڕەنگ و ڕای جیاواز ناسراوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەشی وتووە "کاتی ئەوەیە کە هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران و دادوەرەکان و یاساناسان و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەکانی تر ئەم سوکایەتیە قبوڵ نەکەن و ڕێگە نەدەن دەنگە ئازا و بوێرەکان کپ بکرێت".

حەوت ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تێپەڕی تا ئێستا کاتیئازادکردنی لە زیندانی ئاسایش نادیارە.


ئه‌م بابه‌ته ‌1888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:16:23/05/2019