په‌رله‌مانی ئیسرائیل خۆی هه‌ڵدەوه‌شێنێته‌وه‌

رۆژی سێشەممەی رابوردوو په‌رله‌مانى ئیسرائیل خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى كرد بۆ پڕۆژه‌ یاساى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان، ئەوەش دوای ئەوەی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بنیامین ناتانیاهۆ نه‌یتوانى له‌ ماوه‌ى دیاریكراودا حكومه‌ت پێكبهێنێت.

درەنگانێکی شەوی رابردوو رادیۆی (گالی تەساهەل)ی سەر بە سوپای ئیسڕائیل لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرکەوتوو نەبوو لە پێکهێنانی کابینەی نوێی وڵات، وڵاتەکەی دەچێتە ناو هەڵبژاردنێکی نوێوەو، لە رۆژی 17ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی 22ی پەرلەمانی ئیسڕائیل بەڕێوەدەچێت.

ئەوەشی نوسیوە "لەو کاتەی دەوڵەتی ئیسڕئیل 71 ساڵ لەمەوبەر راگەیه‌ندراوە، لە پێشتردا رووینەداوە کە لایەنەکان نەتوانن حکومەت پێکبهێنن و بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان (کنێست) بدەن".

رادیۆکە ئاماژەی بەوەشکردوە. پەرلەمانی ئیسڕائیل بە قۆناغێکی دراماتیکی و مێژوویدا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی کۆتایی بە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژە بڕێک هێنا و دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی خۆی و هەڵبژاردنی پێشوەختی راگەیاند.


هه‌ڵبژاردنى نوێی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، سێشەممەی رابوردوو په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى كرد بۆ پڕۆژه‌ یاساى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان كه‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانى 9ى مانگى نیسانى رابوردوو پێكهات، چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بنیامین ناتانیاهۆ نه‌یتوانى له‌ ماوه‌ى دیاریكراودا حكومه‌ت پێكبهێنێت.

رۆژی 9ی نیسانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسڕائیل بەڕێوەچوو و تیایدا حزبی‌ (لیکود) بەسەرۆکایەتی‌ بنیامین نەتانیاهو توانی 37 کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت و هاوپەیمانی‌ (کاحول لافان) بە سەرۆکایەتی بێنی گانتس سەرۆکی‌ دەستەی‌ ئەرکانی‌ پێشووی‌ ئەو وڵاتە 36 کورسی بەدەستهێنا.

سیستەمی دەسەڵاتی ئیسرائیل پەرلەمانییە، کەلە 120 ئەندام پێکدێت، ئەرکیان داڕشتنی یاسا و چاودێریکردنی حکومەتە، پێكهێنانی حکومەت پێویستی بەدەنگی 61 ئەندام هەیە و لەماوەی چەندین دەیەی رابردوو هیچ پارتێک ئەو رێژەیەیی بەدەستنەهێناوە، بۆیە لەدوای زۆربەی هەڵبژاردنەکان حکومەتی هاوپەیمانی پێکهێنراوە.



AM:09:56:30/05/2019