عەلی باپیر: بڕیارمانداوە كە بەشداری كابینەی حكومەت نەكەین

کۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوو کۆبوونەوە و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش دەڵێت "بەشداری كابینەی نوێی حكومەت ناكەن".

دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەی نێوانیان، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، لەكۆبونەوەمان لەگەڵ برایانی كۆمەڵ تەئكیدمان لە كاری پێكەوەیی و هاوبەش كردوەوە بارودۆخی ناوچەكەش دەخوازێت هەماهەنگی زیاتربین و ئێمە پێشتر پەیوەندیی دوو قۆڵی و كاری سیاسیمان هەبوەو بەرپرسانەش مامەڵەمان كردووە.

هاوکات، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: هەر ئەمڕۆش سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانمان كردووە بە مەبەستی راگۆرینەوە لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و چارەنوسساز و پەیوەست بە هەرێم كوردستان و عیراق و ناوچەكە، بۆیە پێیویست بەوەدەكات كاری پێكەوەیی زیاتر ئەنجام بدەین.

وتیشی،"وەكو كۆمەڵی ئیسلامی بڕیارمانداوە كە بەشداری كابینەی حكومەت نەكەین و بۆیە ئێمە هەرلەسەرەتاشەوە وتومانە كە رەنگەبۆمان نەگونجێت بەشداری كابینەی حكومەتی نۆیەم بكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهەموو شێوەیەك هاوكار و هەماهەنگی حكومەت دەبین لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیاندا". 

 


PM:06:38:18/06/2019