باندێكی تەزویركردنی ڤیزا دەستگیركران

لە شاری هەولێری پایتەخت باندێكی تەزویركردنی ڤیزا دەستگیركران و  بە فێڵ پارەیان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  رایگەیاند  لە ژێر پەردەی كۆمپانیایەكی گەشت وگوزار، ئەو باندە ڤیزای ساختەیان بە هاووڵاتیان فرۆشتووە و دەڵێت " بۆ هەر ڤیزایەك، باندەكە پانزە بۆ بیست هەزار دۆلاریان لە هاووڵاتیان سەندووە، بەبێ ئەوەی پەنجە مۆر و چاوپێكەوتن بكەن دەشڵێت وڵاتێكی دراوسێش تێوەگلاوە".

ئاشكراشیكرد: لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، دەست بەسەر چەند ڤیزایەكی ساختەی توركیادا گیراوە و دواتر لێكۆڵینەوەیان كردووە و چەند كەسێكیان دەستگیر كردووە.

رونیشیكردۆتەوە كە باندەكە زیاتر هاووڵاتیانی خەڵكی سووریایان كردووەتە ئامانج و پێیان وتوون كە ڤیزای توركیایان بە فەرمی بۆ دابین دەكەن، بەڵام ڤیزاكان ساختە بوە.



PM:03:05:27/06/2019