پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ده‌ستگیركردنی هاوڵاتییه‌كی راگه‌یاند کە پیشەی مامۆستایە و به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی كه‌فاله‌تی بۆ ئازادبوونی 19 تۆمه‌تبار كردووه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، مه‌فره‌زه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی سه‌را، تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركرد، كه له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره، به‌نایاسایی هه‌ستاوه به سپارده (كه‌فیل) بۆ ئازادبوونی 19 تۆمه‌تبار.
لە راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وەکراوە، تۆمه‌تباره‌كه ناوی (ڕ ، م ، أ )ه‌و پیشه‌ی مامۆستایه، له‌میانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌دا، دانی به‌وه‌دا ناوه له یه‌كه‌م پشتگیری كه خوێندنگه‌كه‌ی بۆ سپارده‌كردنی تۆمه‌تبارێك بۆی كردووه، هه‌ستاوه به كۆپیكردنی پشتگیری خوێندنگه‌كه‌ی و ئه‌م پشتگیرییه‌ی بۆ سپارده‌كردنی 19 تۆمه‌تبار به‌كارهێناوه، كه بڕی سه‌رجه‌م سپارده‌كان ده‌كاته نزیكه‌ی 66 ملیۆن دینار.
پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشیكردووه، تۆمه‌تباره‌كه له به‌رامبه‌ر بڕێك پاره ئه‌م كاره نایاساییه‌ی كردووه‌و ئێستاش به بڕیاری دادوه‌رو به‌پێی مادده‌كانی 289 و 298 له‌یاسای سزادانی عیراقی، ڕاگیراوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ش له گه‌ڵیدا به‌رده‌وامه.
له راگه‌یاندراوه‌كه‌ی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووه، هه‌ر كه‌سێك له‌م تاوانه به‌شداربێت، یاخود هه‌ستابێت به‌م جۆره كارانه، دادگا فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رده‌كات و ده‌ستگیرده‌كرێن.